Ar-Room • KURD-TAFSIR-REBAR
﴿ بِسْمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحْمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ الٓمٓ ﴾
“Alif. Lam. Mim.”
سوورەتی (روم) پێناسەیەكى ئەم سورەتە: ١- سورەتى (روم) سورەتێكى مەككى یە جگە لە ئایەتى ژمارە (١٧) حەڤدە نەبێت كە مەدەنى یە. ٢- ژمارەى ئایەتەكانى سورەتى (روم) بریتییە لە (٦٠) ئایەت. ٣- سورەتى (روم) زنجیرەى ژمارە (٣٠) یە لە ریزبەندى لەناو سورەتەكانى قورئانى پیرۆزدا. ٤- سورەتى (روم) لە دواى سورەتى (ئینشیقاق) دابەزیوە. ٥- ئەم سورەتەش بە پیتە پچڕپچڕەكان دەست پێ دەكات. ٦- (روم) كە لەم سورەتەدا باسكراوە، بریتییە لە ناوى قەومێك كە لە باكورى دورگەى عەرەبی نیشتەجێ بوون. تەوەرەكانى ئەم سورەتە: سورەتى (روم) كە سورەتێكى مەككییە، هەروەك سورەتە مەككییەكانى تر ئامانج و مەبەستى بریتییە لە باسكردنى بابەتە عەقیدەیی و ئەوانەى كە پەیوەندیان بە بیروباوەڕەوە هەیە، وە هەروەها جگە لەوانەش باس لە كۆمەڵێك لە ئایەت و بەڵگەو نیشانە سروشتى و گەردونییەكان دەكات بۆ ئەوەى مرۆڤ زیاتر تێڕامان بكات و بیریان لێ بكاتەوەو بەهۆیانەوە باوەڕ بهێنێت و زیاتر دەسەڵات و گەورەیی خواى گەورەى بۆ دەركەوێت. بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ [ الم (١) ] لەسەرەتای سوورەتی (بەقەرە) باسی ئەم پیتانەمان كرد كە لەسەرەتای هەندێك لە سوورەتەكاندا هاتوون.