Az-Zumar • KURD-TAFSIR-REBAR
﴿ ۞ قُلْ يَٰعِبَادِىَ ٱلَّذِينَ أَسْرَفُوا۟ عَلَىٰٓ أَنفُسِهِمْ لَا تَقْنَطُوا۟ مِن رَّحْمَةِ ٱللَّهِ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ يَغْفِرُ ٱلذُّنُوبَ جَمِيعًا ۚ إِنَّهُۥ هُوَ ٱلْغَفُورُ ٱلرَّحِيمُ ﴾
“SAY: “[Thus speaks God:] ‘O you servants of Mine who have transgressed against your own selves! Despair not of God’s mercy: behold, God forgives all sins - for, verily, He alone is much-forgiving, a dispenser of grace!’””
بێ‌ئومێد نه‌بوون له ره‌حمه‌تى خوا [ قُلْ يَا عِبَادِيَ الَّذِينَ أَسْرَفُوا عَلَى أَنْفُسِهِمْ لَا تَقْنَطُوا مِنْ رَحْمَةِ اللَّهِ ] (ئیبنو عه‌بباس) ده‌فه‌رمێت: كه‌سانێك له هاوبه‌شبڕیارده‌ران خه‌ڵكیان كوشتبوو به زۆرى، وه زینایان كردبوو به زۆرى، هاتنه لاى پێغه‌مبه‌رى خوا - صلی الله علیه وسلم - وتیان ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - ئه‌وه‌ى تۆ ده‌یڵێیت و بانگه‌وازى بۆ ده‌كه‌یت شتێكى چاكه به‌ڵام پێمان بڵێ: ئایا ئه‌و تاوانانه‌ى كه پێشتر كردوومانه ده‌سڕێته‌وه‌و خوا لێمان خۆش ده‌بێت؟ خواى گه‌وره ئه‌م ئایه‌ته‌ى دابه‌زاندو فه‌رمووى: ئه‌ی محمد - صلی الله علیه وسلم - به‌و به‌ندانه‌م بڵێ كه ئیسراف و زیادڕه‌ویان كردووه له تاوان و سه‌رپێچیدا: بێ‌ئومێد نه‌بن له ڕه‌حمه‌تی خوا [ إِنَّ اللَّهَ يَغْفِرُ الذُّنُوبَ جَمِيعًا ] به‌دڵنیایی خوای گه‌وره له هه‌موو تاوانێك خۆش ئه‌بێ ته‌نها شه‌ریك دانان نه‌بێت بۆی ئیتر له هه‌موو تاوانێكی تر خۆش ئه‌بێت، (ئه‌مه ئومێدبه‌خشترین ئایه‌ته له كتابی خوای گه‌وره، وه صه‌حابه زۆر دڵیان پێی خۆش بووه)، وه (ئه‌م ئایه‌ته بانگكردنى سه‌رجه‌م كافران و تاوانبارانه بۆ ته‌وبه كردن و گه‌ڕانه‌وه بۆ لاى خواى گه‌وره، وه ئه‌وه‌ى ته‌وبه بكات چه‌ندێك تاوانى زۆر بێت خواى گه‌وره لێى خۆش ده‌بێت، وه‌كو ئه‌و كه‌سه‌ى كه سه‌د كه‌سى كوشت و ته‌وبه‌ى كرد‌و خواى گه‌وره لێى خۆش بوو)، (ابن عباس) ده‌فه‌رمێت: (هه‌ركه‌سێك له پاش ئه‌م ئایه‌ته خه‌ڵكى بێ‌ئومێد بكات له ته‌وبه ئه‌وا باوه‌ڕى به قورئانى پیرۆز نیه) [ إِنَّهُ هُوَ الْغَفُورُ الرَّحِيمُ (٥٣) ] وه به دڵنیایی خوای گه‌وره زۆر لێخۆش‌بوو به‌ڕه‌حم و به‌زه‌ییه.