Al-Muddaththir • KURD-TAFSIR-REBAR
﴿ وَثِيَابَكَ فَطَهِّرْ ﴾
“And thine inner self purify!”
{هه‌شت ته‌فسیر بۆ ئه‌م ئایه‌ته} [ وَثِيَابَكَ فَطَهِّرْ (٤) ] وه جل‌و به‌رگ و پۆشاكه‌كه‌ت پاك ڕابگره، ئیمامی (قورتوبی) هه‌شت ته‌فسیری بۆ (وَثِيَابَكَ فَطَهِّرْ) هێناوه، وه (ابن كثير)یش هه‌ندێكیانی باس كردووه له‌وانه جل‌و به‌رگ و پۆشاكه‌كه‌ت با پاك بێ، واته: له حه‌ڵاڵ بیكه، وه كه كردته به‌رت بۆ تاوان و سته‌م و غه‌در مه‌یكه به‌رت، وه وه‌كو ئیمامی (قورتوبی) ئه‌فه‌رمووێ: بۆ پیاو شه‌رواڵه‌كه‌ت با شۆڕ نه‌بێ له گوێزه‌نگ و كه‌عبت نه‌چێته خواره‌وه، وه به مانای نه‌فس دێت، واته: نه‌فست پاك بكه‌ره‌وه له هه‌موو خراپه‌كاریه‌ك، وه به ماناى دڵ دێت، واته: دڵ و ده‌روونت پاك بكه‌ره‌وه، وه به‌مانای كرده‌وه دێت، واته: كرده‌وه‌كانت پاك بكه‌ره‌وه له هه‌موو خراپه‌كارییه‌ك، وه به‌مانای خێزان دێت، واته: خێزانه‌كه‌ت پاك بكه‌ره‌وه‌و خێزانی باش هه‌ڵبژێره، وه كه خراپ بوو چاكى بكه، وه به ماناى دین دێت، واته: دینه‌كه‌ت پاك بكه‌وه له هه‌موو بیدعه‌و خورافات و تاوان و سه‌رپێچییه‌ك، وه به ماناى نیه‌ت دێت، واته: نیه‌تت پاك بكه‌ره‌وه‌و نیه‌تت ته‌نها بۆ خوای گه‌وره بێ، وه به ماناى ره‌وشت دێت، واته: ڕه‌وشتت پاك بكه‌وه‌و با ره‌وشت و ئاكارت به‌رزو جوان بێت، به هه‌موو ئه‌م مانایانه هاتووه.